هاوکات لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووریی ئێران و زیادبوونی فشارەکان لەسەر بازاڕی دراو، بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و نرخی دراوە بیانییەکان بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەبنەوە. ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەرمانان ڕاگەیەندرا، بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی ئازاددا سنووری ٢٣٧ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە.

هەروەها نرخی یۆرۆ بە بەرزبوونەوەی نزیکەی لەسەدا ٥.٦ گەیشتووەتە دەوروبەری ٢٧٤ هەزار و ٧٦٠ تمەن، هەروەها نرخی پاوەندی بەریتانیش بە گەشەیەکی لەسەدا ٥.٨، گەیشتووەتە سەرووی ٣١٩ هەزار تمەن.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان دەریدەخەن کە دابەزینی بەردەوامی نرخی تمەن کاریگەری لەسەر بازاڕ و نرخی کەلوپەل و کاڵاکان داناوە و بووەتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان و گرانی.