ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی خولی دارایی کۆمەڵەی لە شاری ئەشڤیل لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور گوتی "ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا گفتوگۆ دەکەین کە پشتیوانی رژیمی ئێران دەکەن"، ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی سزاکانی واشنتنەوە، بەهای تومەن بە تەواوەتی دابەزیوە و رێژەی هەڵاوسانیش لە ئێران 100%ـی تێپەڕاندووە، بە جۆرێک حکوومەتی ئێران لە دابینکردنی مووچەی سەربازەکانیشی پەکیکەوتووە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پێداگریکردەوە، "سزای بێ وێنەمان بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئەو سزایانە، ئابوورییەکەیان دادەتەپێنێت".
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، سزا نوێیەکان کەرتی فڕۆکەوانی، کەرتی دەریاوانی و سەرجەم سامانە دیجیتاڵییەکانی ئێران دەگرێتەوە.
لەبارەی جموجۆڵە بازرگانییەکانی رژیم، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا روونیکردەوە "زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە".
دووپاتیشیکردەوە، ئەمریکا کار بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان رژیمی ئێران و جیهان دەکات و هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ تاران بکات، دەبێتە ئامانجی سزاکانی واشنتن.

