لە دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە لێکەوتە ئەمنییەکانی ژیریی دەستکرد، سەرۆکی گەورە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و ژمارەیەک لە زانایانی جیهان هۆشدارییەکی توندیان دا و ڕایانگەیاند کە سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد بە شێوازێکی بێوێنە و خێرا پەرە بە خۆیان دەدەن، بە جۆرێک کە مرۆڤ توانای پێشبینیکردن و کۆنتڕۆڵکردنیانی نەماوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبنە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر چارەنووسی مرۆڤایەتی.
لەو کۆبوونەوەیەدا «سام ئاڵتمان»، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای «OpenAI»، ئاشکرای کرد کە کۆمپیوتەرە زیرەکەکان ڕۆژ بە ڕۆژ سەربەخۆیی زیاتر بەدەست دەهێنن و توانای ئەوەیان پەیدا کردووە نەوەکانی داهاتووی خۆیان بەبێ دەستتێوەردانی مرۆڤ دروست بکەن و پەرەیان پێ بدەن، ناوبراو هۆشداریدا کە خێرایی ڕووداوەکان ئەوەندە زۆرە کە ئیتر مرۆڤ توانای چاودێریکردن یان دەستتێوەردانی کاتیی نامێنێت بۆ وهستاندنیان.
هاوکات «جێفری هینتۆن»، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ژیریی دەستکرد و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە کە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر قەوارەیەکدا کە لە خۆمان زاناتر و بلیمەتتر بێت، سەرئەنجامەکەی لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەبێت. هاوکات «فۆلکەر تورک»، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای دیاریکردنی هێڵی سووری نێودەوڵەتی کرد و پەرەسەندنی بێسەروبەری ئەم تەکنەلۆژیایەی بە هەڕەشەیەکی بنەڕەتی بۆ سەر بوونی مرۆڤایەتی وەسف کرد، و «بیرنی ساندرز»، سیناتۆری ئەمریکی،ش داوای ڕاگرتنی پڕۆژە پێشکەوتووەکانی کرد و ڕایگەیاند کە لە کاتی ڕاکردن بەرەو لێواری دۆڵێک، مرۆڤ نابێت تەنیا پێ لەسەر بەنزین شل بکاتەوە، بەڵکو دەبێت بە هەموو هێزییەوە ئیستۆپ بگرێت.
ئەم نیگەرانییە نێودەوڵەتییانە لە کاتێکدا ڕوو لە زیادبوون دەکەن کە کێبڕکێیەکی توند لە نێوان زلهێزە جیهانییەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیادا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی ژیریی دەستکرد، و لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتیی پابەندکەر نییە کە ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکی سەربەخۆ یان سیستەمی خۆسەپێن بکات، بۆیە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ یەکەمین جار بە فەرمی دۆسیەکەی وەک پرسێکی هەستیاری پەیوەست بە «ئاسایشی نێودەوڵەتی» تاوتوێ کرد.

