کۆمپانیای تەکنەلۆژیای «مێتا» بە فەرمی سەرقاڵی پەرەپێدانی وەشانێکی نوێی چاویلکەی زیرەکە بە کۆدی ناوخۆیی «لونا» (Luna) کە بە تەواوی بێ کامێرایە. ئەم هەنگاوەی کۆمپانیا دوای ئەو ڕەخنە و ناڕەزایەتییە بەرفراوانانە دێت کە پێشتر بەهۆی پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی و وێنەگرتنی نهێنیی خەڵکەوە لە ڕێگەی چاویلکە کۆنەکانی مێتاوە ڕووبەڕووی بووبوونەوە؛ ئەو چاویلکانەی کە کامێرای پێشەوەیان هەبوو و هەندێک لە بەکارهێنەران بۆ وێنەگرتنی کەسانی دیکە بە بێ ئاگاداری بەکاریان دەهێنان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوی «چاویلکەی بێزارکەر»یان لێ نراوە.
وەشانە نوێیەکەی «لونا» بە تەواوی کامێرای لێ لادراوە و تەنیا پشت بە پەیوەندیی دەنگی لەگەڵ ژیریی دەستکرد دەبەستێت، هەروەها شەش مایکڕۆفۆنی پێشکەوتووی لەسەر جێگیر کراوە بۆ وەڵامدانی خێرای پرسیارەکانی بەکارهێنەر. نەبوونی کامێرا وا دەکات کێشی چاویلکەکە زۆر کەمتر و تەنکتر بێت و تەمەنی پاترییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم چاویلکەیە، مێتا وەشانێکی نوێکراوەی چاویلکە کامێرا دارهکانی بە ڕێوشوێنی توندی پاراستنی تایبەتمەندی ڕاگەیاند؛ بە جۆرێک ئەگەر گلۆپی ئاگاداركهرهوەی وێنەگرتن (LED) بە دەست، لەزگە، یان هەر شتێکی دیکೆ دابپۆشرێت، کامێراكە دەستبەجێ کاركردن ڕادەگرێت و ڕێگە بە تۆمارکردنی هیچ گرتهیهکی ڤیدیۆیی نادات. لەم بارەیەوە، ئەلێکس هیمێل، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای مێتا، جەختی کردەوە کە سیستەمەکە ڕێگری لە هەر هەوڵێکی وێنەگرتنی نایاسایی و نهێنی دەکات.
وا بڕیارە مێتا لە میانی کۆنگرەی ساڵانەی خۆیدا پەردە لەسەر ئەم بەرهەمە نوێیانە لابدات، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نمایشکردنی کەرەستە پێشکەوتووەکانی دیکەی وەک چاویلکەی ڕاستیی زیادکراو (AR). بڕیارە ئەم هەنگاوانە خزمهتگوزارییەکانی ژیریی دەستکرد بە دەنگ بۆ بەکارهێنەران دابین بکەن، بێ ئەوەی هیچ نیگەرانییەک لەسەر پێشێلکردنی ماف و ئازادیی کەسانی دەوروبەر دروست ببێت.

