سپای تیرۆریستی ئێران هۆشدارییەکانی بۆ ئەمریکا سەبارەت بە دەستێوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دووبارە كردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر واشنتن دەستێوەردان بکات ڕووبەڕووی وەڵامی سەربازی دەبێتەوە. 

ئەبوو فەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی رژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردەوە گوتی: "ئەمریکییەکان هەرگیز ناتوانن دەست لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز وەربدەن، ئەگەر دەستێوەردان بکەن ڕووبەڕووی لێدانەکانی ئێمە دەبنەوە و زەبرێکی توند دەخۆن." شکارچی ڕوونیکردەوە، هیچ کەشتییەک ئەگەر لە دەرەوەی ئەو ڕێڕەوەی ئێران دیاریکردووە تێپەڕ ببێت، ئەمنییەتی نابێت.

ھەروەھا دەستەی ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە خاوەن کەشتییەکانی ڕاگەیاند، نابێت ڕێگە بدەن کەشتییەکانیان بە زۆر بە ڕێڕەوی پەسەندنەکراودا تێپەڕ ببن.

هۆشداریشی دا، ئەم کارە لەوانەیە زیانی دارایی و گیانی بە کەشتییەکان، خاوەنەکانیان، ستافەکانیان بگەیەنێت، جگە لەوەی لە داهاتوودا سنووردارکردن بۆ تێپەڕبوونیان دادەنرێت.