کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ فۆکس نیووزی ئەمریكا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوەی هەبووە، کاتێک دووپاتی کردووەتەوە کە نابێت رژیمی ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات و هەرگیز بەدەستیشی ناهێنێت."

وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی: "هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا دەستەبەری ئەوەیان کردووە کە ڕێڕەوی هەناردەی نەوت، گاز، بەرهەمە پاڵێوراوەکان و تەنانەت پەینیش لە تەنگەی هورمزەوە دەستپێبکاتەوە. ڕۆژێک لەهەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بەتەنگەکەدا گوێزرایەوە کە لە ئاستی پێش جەنگەکەش زیاترە؛ هەروەها ئێستا تێکڕای ڕۆژانە نزیکەی ١٣ ملیۆن بەرمیلە. کەواتە نەوت و گاز لە هورمزەوە دەردەچن و کێشەی سەرەکیی ئێستای نرخ پەیوەستە بەتوانای پاڵاوتن."