مامۆستایانی بەڕێزو ئوستادانی
تێکۆشەری دانشگاکان!

قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان و ئێران!

 

بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پێشکەشی تاک تاکی ئێوەی خۆشەویست، مامۆستایانی خەمخۆر و ئوستادانی دانشگا و خوێندکارانی زانستخواز دەکەم. هومێدەوارم ئەم ساڵی خوێندنە ببێتە ساڵی سەرکەوتن، پەرەپێدانی زانست و زانیاری و زیاتر بوونی ئیرادەی پۆڵایینی جەماوەری خۆڕاگری کوردستان لە بەرانبەر نەهامەتییەکاندا.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست و تێکۆشەر!

زانست و پەروەردە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و سەقامگیر. بەداخەوە لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری دژە زانستی ئاخوندیدا، سیستەمی پەروەردە و فێرکاری لە ئێران و کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر رووبەڕووی تەنگ و چەڵەمە بووەتەوە.دەسەڵاتی خۆسەپێن هەمیشە هەوڵی داوە بە بێبایەخکردنی زانستی سەردەمیانە و پەرەپێدانی بیری خورافات و دواکەوتووانە، نەوەی نوێ پێملی خواستەکانی خۆی بکات و بەکاریان بهێنێ بۆ مەبەستە خراپەکانی و پێش بە گەشەسەندنی ئازادانەی کۆمەڵگە بگرێت.
سەرەڕای ئەم دۆخە نالەبارە و سیاسەتی سەرکوت و بێبەشکردن، نەیتوانیوە مامۆستایانی بەویژدان و خوێندکارانی ئازادیخواز، هیچ کات لە تێکۆشان بۆ پەرەپێدان و فێربوونی زانست سارد نەکردۆتەوە.

خوێندکاران و لاوانی هێژای کوردستان!

ئێوە داهاتووی ئەم نیشتمانەن. زانست و تێکۆشانی ئێوە چەکی سەرەکییە لە دژی نەزانی، ستەم و دواکەوتوویی. سازمانی خەبات شانازی بە هەڵوێست، خۆڕاگری و تێکۆشانی مامۆستایان، خوێندکاران و خانەوادە بەڕێزەکانتانەوە دەکات کە سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان، چرای زانست و هۆشیارییان لە کوردستاندا بە داگیرساوی هێشتووەتەوە.
جارێکی تر، سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و سەرکەوتن و سەربەرزی بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی خۆشەویست لە تێکۆشانی زانستی و نیشتمانپەروەردەیدا لەیەزدانی بێ هاوتا داواکارم.

 

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
(بابەشێخ حوسەینی)